
سابات سپۆرت - ئێوارەی رۆژی چوارشەمە 2020.9.9، د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەزعەبدالحمید، قایمقامی ناوەند، یانەی وەرزشی هەولێری بەسەرکردەوە و لەلایەن د.عەبدوڵا مەجید، سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە بەگەرمی پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە و بەڕێوەبەری وەرزشی هەولێر، باس لە کێشە و کەم و کوڕی و گیرو گرفتەکانی یانەکە کراو تیشک خرایە سەر میکانیزمی چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق، لەوبارەیەوە پارێزگاری هەولێر، دڵنییای دایە سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکەو ڕایگەیاند: "وەک پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتانین و هەموو هەوڵەکانی خۆمان خستۆتەگەڕو لەگەڵ ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان کردووە، بۆئەوەی چارەسەری کێشەو کەم و کوڕی و گرفتەکانی یانەکە بكەين، خۆمان بە بەشێکی گرنگ دەزانین لەچارەسەرکردنی گرفتی دارایی یانەی وەرزشی هەولێر و هەموو ئەو کێشە و کەم و کوڕیانەی کە هەن لەیانەکەدا".
دواتر پارێزگاری هەولێر وێڕای سوپاس و ستایشی سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە بەرامبەر بەهەوڵ و ماندووبونییان کە توانیویانە لەڕۆژە زۆر سەختەکاندا دەرەنجام و سەرکەوتنی گەورە بۆیانەی وەرزشی هەولێر و شاری هەولێری پایتەخت بەدەستبهێنن، ڕایگەیاند: "یانەی وەرزشی هەولێر یەکێکە لە یانە وەرزشیە دێرین و سەرکەوتووەکان و یەکێکە لە یانە بەناوبانگەکانی عێراق و کوردستان، لە یاری تۆپی پێدا چەندین دەستکەوتی مێژوویی و گرنگی بە دەست ھێناوە و چوارجار بۆتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق و چەندین جار بەشداری پاڵەوانییەتی جامی یەکێتی ئاسیایی کردووە کە دووجار پلەی دووەمی بەدەست ھێناوە، ئێستاش لەسەروبەندی خۆئامادەکردن بۆ بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق، دەخوازین بەهەمانشێوە و بگرە بەگوڕ و تینی زیاتر و باشتر لەجاران دەرەنجام و سەرکەوتن و نازناوی گەورە بۆ شارەکەتان بەدەست بهێنن".
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر






ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق