تایبەت بەسابات سپۆرت :
پەیام فتح اللە هاندەرێكی یانەی هەولێرە ئەزموون و ئەرشیفی ٣٣ ساڵ یانەی وەرزشی هەولێر كۆكردۆتەوە و لە كتێبێكدا بڵاوی كردەوە ، بەناونیشانی (یانەی وەرزشی هەولێر، ئەزموون و ئەرشیفی ٣٣ ساڵ ١٩٨٧-٢٠٢٠)، پەیام لە دیمانەیەكی لە گەڵ سابات سپۆرت باس لە ناوەرۆكی كتێبەكەدەكـات دەلێت لەپێنج بەشی سەرەكی پێك دێت .
پەیام فتح اللە دەڵێت : ئەم کتێبە لە ئەنجامی نووسین و ئەرشیف کردنی سەرجەم ئەنجام و وردەکارییەکانی یانەی هەولێرە لە ماوەی ٣٣ ساڵی رابردوودا کە لە ساڵی 1992 دەستم کرد بە دۆکیۆمێنت کردنیان وە سەرجەمی بە شێوازی دەست نووس لام پارێزراوە.. وە ماوەی نووسینی کتێبەکە خۆی زیاتر لە ٧ ساڵ دەدات کە لەو ماوەیەدا بە پێی توانا و کات هەڵساوم بە نووسینەوەیان . ئەم کتێبە وەکو ئاماژەم پێدا بریتیە لە باسکردنی مێژووی یانەی هەولێر لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٨٧-٢٠٢٠)، ئەمەش لە چوارچێوەی پێنج بەشدا لەم کتێبە باسکراوە کە هەر بەشێك لەم بەشانە چەند بابەتێك لەخۆ دەگرێت.

بەشی یەکەم بریتیە لە باسکردنی پوختەیەکی مێژوویی دەربارەی یانەی وەرزشی هەولێر و هەروەها گرنگترین ئەنجامەکانی یانەی وەرزشی هەولێر لە چوارچێوەی بەشداری کردنە فەرمیەکانی یانەکە لە خول و پاڵەوانێتیەکان وەکو خولی نایاب و پلەیەکی عێڕاق، جامی عێڕاق، خولی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، جامی بەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، ئەمە جگە لەوەی ئاماژە بە ئەنجامی بەشێکی زۆر لە یارییە دۆستانەکان کراوە.

بەشی دووەم بریتیە لە باسکردن لە چەندین زانیاری جۆراوجۆر دەربارەی یانەکە و ئەو دەستکەوتانەی یانەکە بە دەستی هێناوە هەروەها گرنگترین رووداوەکانی ماوەی ئەو ٣٣ ساڵە.
بەشی سێیەم بریتیە لە باسکردن فاکتەرەکانی سەرکەوتنی یانەکە لە ماوەی ئەم ٣٣ ساڵەدا کە بریتین لە دەستەی کارگێڕی یانەکە، ئەستێرەکانی یانە، گۆڵکارانی یانەکە، هاندەران، دەزگاکانی راگەیاندن، رۆڵی حکومەتی لە هەرێم..

بەشی چوارەم تایبەتە بە ئەنجامەکانی یانەی وەرزشی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان.
بەشی پێنجەم بریتیە لە وێنە و پاشکۆکانی ئەم کتێبە کە خۆی لە وێنە و چەندین دەستنووس دەبینێتەوە کە سوودی لێوەرگیراوە بۆ نووسینی ئەم کتێبە... ئەوەی شایانی باسە لەم کتێبەدا هەوڵم داوە زۆر بە ووردی بابەتەکان بنوەسرێتەوە تاوەکو سەرجەم وەرزشوانان ئاشنای مێژووی یانەکەیان لەو ماوەیەی کە باسکراوە چونکە ناکرێت ئەم مێژووە لەەیاد بکرێت و ماندووبوونی کەسانێکی زۆر لەەبیر بکرێت بەڵکو دەبێت ئەوانەی رۆڵیان هەبووە ناویان بخرێتە نێو لاپەڕەکانی مێژوو بە تایبەتی مێژووی یانەی هەولێر بە تایبەتی و وەرزشی کوردستان بە گشتی. زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم وەکو گەنجێکی شاری هەولێر و هاندەرێکی دێرینی ئەم یانەیە توانیم ئەم ئەرکە پیرۆزە بەجێ بگەیەنم بەرامبەر بە یانەکەم.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە.؟
ئاشناکردنی وەرزشوان و هاندەرانی یانەی وەرزشی هەولێر بە مێژووی یانەی وەرزشی هەولێر و ئەو ئەنجام و دەستکەوتانەی کە لەماوەی ئەم ساڵانەدا بەدەستی هێناوە... ناو. پەیام فتح الله رسول لەدایکبووی هەولێر ١٩٨٣ خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە بەشی کۆمەڵناسی نووسەری وەرزشی ئەندام لە یانەی وەرزشی هەولێر هاندەری یانەی وەرزشی هەولێر بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ.
كێبوون ئەوكەسانەی هاوكاریانكردی ؟
لێرەدا جێگای خۆیەتی سوپاسێکی بێ پایان ئاڕاستەی برای بەڕێزم دکتۆر بۆتان عبدالرحمن بکەم کە یارمەتی دام لە نووسینەوەی ئەم کتێبە هەروەها سوپاسی بێپایان بۆ بەڕێزان یاریزانانی پێشووی یانەی وەرزشی هەولێر (طارق عبدالرحمن، كامەران محمد، سەرکار عەلی خان، حمید خالد، یوسف محمد، یوسف کاکێ، ئازاد سید احمد، عمر سلیم، کاوە عمر، مۆفەق یونس، رۆژنامەنووس هونەر عومەر) کە یارمەتیان داوم لە پێدانی زانیاری تایبەت بە نووسینەکەم.
ئامانجی داهاتووت چیە ؟
هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم کاری جوانتر و باشتر پێشکەش بە رەوتی وەرزش لە کوردستان بکەم، وە لە پڕۆگرامم دایە لە داهاتوودا چەند کارێکی دیکەی ئەرشیفی لە بواری وەرزش ئامادە بکەم و پێشکەشی بە خوێنەری کوردی و وەرزش دۆستانی بکەم وە هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم کارانە لەبەرچاو بگرن و لایەخی زیاتر بە ئەرشیف و مێژووی بانە و خولەکان بدەن تاوەکو بتوانن وەکو ووڵاتانی دیکە ئەرشیفێکی دەوڵەمەندییان هەبێت.
پرۆفایلی نوسەری پەرتوكەكە.

ناو. پەیام فتح الله رسول
لەدایکبووی هەولێر ١٩٨٣
خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە بەشی کۆمەڵناسی
نووسەری وەرزشی
ئەندام لە یانەی وەرزشی هەولێر
هاندەری یانەی وەرزشی هەولێر بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ.


ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق