ئایا بەکارهێنانی دەمامک لەکاتی مەشقدا خۆپارێزییە یان مەترسی.؟ - سابات سپۆرت

دواین بابەت

Post Top Ad

2020/07/09

ئایا بەکارهێنانی دەمامک لەکاتی مەشقدا خۆپارێزییە یان مەترسی.؟

بەداخەوە لێرەو لەوێ لە ڕاپۆرتە تەلەڤزیۆنیەکان کە لەسەر ورزشکاران ئەنجام دەدرێت دەبینم هەندێک مەشق بە دەمامکەوە دەکەن ڕونکردنەوەی پێویست لەمەترسیداری ئەم لایەنە لەنێوانماندا کەمە، پێویستە وەرزشکار ئاستێکی ناسراوی شیاوی هەبێت لەکاتێک وەک وەرزشکارێک خۆی دەناسێنێت کەکاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت هەروەها کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێویستە ئەوە بزانن کە ڕاپۆرتەکانیان کاریگەری دەبێت پێویستە بەهەستیاریەوە لەم بابەتە بڕوانن چونکە پەیوەندی بە تەندروستی تاکەوە هەیە.
وەرزشکاری بەڕێز لەکاتی مەشقدا دەمامک بەکاردەهێنیت هەڵەیەکی کوشندە بەرامبەر بەئەندامەکانی جەستەت دەکەیت بەتایبەتی بۆ وەرزشکاری لای خۆمان کە لەڕووی تواناوە ناگەن بە ئاستی باڵا لەتوانای جەستەیی بەهۆی ئەو شێوازو کەم ئەزمونیە لە کرداری ڕاهێنان کە پشت بەستوو نیە بە زانستی ڕاهێنان.
بەڕێزان لەکاتی مەشقدا بەبەکارهێنانی دەمامک چەند مەترسیەکی تەندروستی دێنە کایەوە کە هاوتایە لەمەترسی تووشبون بەکۆرۆنا بگرە زیاتریش، ڕەنگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا جەستەیەکی تەندروستت هەبێ سەرکەوتوو بیت لەزاڵ بوون لەسەری بەڵام مەترسی ئەم خاڵە کووشندەیە و دووچاری چەند گرفتێکی تەندروستی زیاترت دەکات.
لێرەدا بەچەند خاڵێکی کورت ئەو مەترسیانە دەخەمە بەردیدتان:
١- لەکاتی مشقدا وەک ئاشکرایە کە جەستە ئاوڕەگ دەرئەیات (ئارەقکردنەوە) ئەمەش دەبێتە مایەی شێداربونی دەمامکەکە کە ڕێخۆشکەرە بۆ کۆبونەوەی چەندین ڤایرۆس و بەکتریا ڕەنگە دووچاری چەند گرفتێکی تەندروستی تر بکات.
٢- مەشق کردن بە دەمامکەوە دەبێتە هۆی فشارێکی زیاتر بچێتە سەر کاری هەردوو ئەندامی دڵ و سییەکان بەمەش ڕێژەیەکی ئۆکسجین بەرەو سییەکان کەمدەبێتەوە و بەمەش ڕێژەی ئۆکسجین لەبۆریەکانی خوێن کە بەرەو بەشەکانی تر بەتایبەتی ماسولکە دەڕوات کەم دەبێتەوە کە لەدەرەنجامدا زیان بە سییەکان و دڵ دەگات.
٣- دەبێتە هۆی سەر گێژخواردن و ڕەنگە بگات بە بورانەوە و تەنگەنەفەسی بەتایبەتی گەر ئەو کەسە گرفتی تەندروستی هەبێ لە کۆئەندامی هەناسەدان و سوڕی خوێن بەتایبەتی بۆ ئەو بەڕێزانەی تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ بەرەو سەرەوەیە.
٤- ئەو بەڕێزانەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەدووربوون لەچالاکی جەستەیی وە ئەم ماوەیە بەهۆی بونی کاتێکی بەتاڵ لەژیانی ڕۆژانە بڕیار دەدەن چالاکی جەستەیی هەمەجۆر بکەن پێویستە زۆر بەووریایەوە مەشق ئەنجام بدەن کەلە ئاستێکی سەنگ مامناوەند بۆ کەمتر کۆشش بکەن چونکە کۆئەندامی سوڕی خوێن کە لەدڵ و سییەکان و بۆریەکانی خوێن پێک دێت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بەرگەی ئەو فشارە زۆرە ناکات، بەداخەوە وەک لە مانگی ڕابردوو بەڕێزێک بەهۆی فشارێکی زۆر دووچاری گرفتی تەندروستی بویەوە لەپاش ڕاکردنی لە چیای گۆیژە و بەرگەی نەگرت کۆتایی بەژیانی هات، هەروەها ئاستی توانای جەستەییت بەرز بێت پێویستە بە دوور بیت لەکاتی مەشق لە دەماک بەکارهێنان.
٥- بەکارهێنانی دەمامک لە کاتی مەشق دەبێتە هۆی هەڵمژینی بڕێکی زیاتر لە دووان ئۆکسیدی کاربۆن و چەند گازێکی تر کە کۆبۆتەوە لەنێو دەمامکەکە بەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لە کرداری گۆڕانکاری گازەکان کە زیان بە مێشک دەگات لەدەرەنجامدا ڕەنگە تووشئ خنکان و گرفت لەدڵدا ببیت.
بۆیە باشترە لەکاتێک مەشق دەکەی بەدوور بی لەمەترسی کۆرۆنا و ئەو خاڵانەی سەرەوە بە بەکارهێنانی دەمامک، باشترە بەتەنها مەشق بکەیت یان بەدووری دوو مەتر لە کەسێکی تر مەشق بکەیت و بەدوور بیت لە قەرەباڵخی .


ئامادەکردنی: ئالان صلاح صالح
مامۆستا: لە کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان 
زانکۆی سلێمانی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Bottom Ad

Pages