وەرزشی راكردن بەشێكە لە وەرزشە هەواییەكان، كە تیایدا جەستە ئۆكسجینی زیاتر وەردەگرێت و شەكری زیاتر دەسووتێنێ، چەوری لەش كەمدەكاتەوە و بارستەی ماسولكەكان زیاددەكات. هەموو ئەوانەش مانای باشبوونی كوالیتی ژیان و پاراستنی تەندروستیی گشتیی جەستەن.
ئەمانە هەندێك رێنمایین بۆ ئەوەی راكردنێكی تەندروستانەمان هەبێ:
1-كاتی تووشبوون بە پەتا ئەنجامی مەدە:
ئەوانەی پەتایان هەیە یان تازە لە پەتا چاكبوونەتەوە، باشترە پشووبدەن تاكو بە تەواوی چاكدەبنەوە و وەك جاران ئاسایی دەبنەوە. چونكە لەكاتی تووشبوون بە پەتا كۆئەندامی بەرگری مرۆڤ پێویستی بە پشووە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو نەخۆشییانە و رێگەگرتن لە تەشەنەكردنیان.
2-لە شوێنەكە دڵنیابن:
ئەگەر لە شوێنی بەردەڵان و هەبوونی شتومەكی تیژ رادەكەی، دەبێ خۆت بپارێزی لە كەوتن و خزان بۆ ئەوەی تووشی برینداری و زیان گەیشتن بە شانەكانی جەستەت نەبی.
3- لە هەوای كراوەدا ئەنجامی بدە:
هەوای كراوەی نێو سرووشت خاوێنترە و كەمتر رێژەی ماددەی زیانبەخش و گازە زیانبەخشەكانی تیادایە، بەهۆی دیمەنەكانی دەوروبەریشەوە كەمتر هەست بە ماندووبوون دەكەی تیایدا، ئەوەش بە پێچەوانەی هۆڵە وەرزشییەكان.
4-پەلە مەكە:
ئەوانەی تازە دەستیان پێكردووە، بە ئاسانی دەستپێبكەن و دوای چەند هەفتەیەك وردە وردە دەست بە راكردنی خێراتر و دوورمەوداتر بكەن. ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بە توندی دەستپێبكەی، ئەوە هەم جەستەت رووبەڕووی ماندووبوونێكی زیاد لە پێویست دەكەیتەوە و هەم زوویش هەراسان دەبیت و رەنگە نەتوانی بەردەوامبی. هەمیشە لەیادت بێ وەرزشی هێواش كە بە درێژایی ژیانت دەیكەیتە نەریت، زۆر باشترە لە وەرزشێكی قورس و ماندووكەری كاتی.
5-ماسولكەكان كەنەفت مەكەن:
دەبێ پەنجەكانی پێت روویان لە پێشەوە بێ، نەك پێیەكانت بە لاری دابنێی، هەروەها بەشێوەیەكی شاوڵی راوەستە نەك زۆر بنووشتێیتەوە بۆ پێش یان پاشەوە، چونكە ئەوانە ماسوولكەكانی قاچ و كەمەر كەنەفت و بە ئازار دەكەن.
6-پێڵاوی گونجاو هەڵبژێرن:
پێلاوی وەرزشیی گونجاو زۆر گرنگە، چونكە وەها دیزاین كراوە ئەو زەبرانە هەڵدەمژێ كە رەنگە زیان لە پێیەكان بدەن، هەروەها دیزاینەكەیان رێگە بە جووڵەی تەندروستانەی ماسولكەكان دەدات.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق