سابات سپۆرت - سەرۆکی فیفا جیانی ئینفانتینۆ داوای بەهێزی کردووە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان لە تۆپی پێدا، بەتایبەتی لە ئەمریکا، ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لە ئێستادا لەسەدا ٧٠ی بەرهەمی ناوخۆیی تۆپی پێی جیهانی لە ئەوروپا بەرهەمدەهێنرێت"، لەکاتێکدا ئەمریکا تەنها نزیکەی لەسەدا ٣ بەشداری دەکات.
ئینفانتینۆ لە میانی بەشداریکردنی لە بیست و نۆیەمین کۆنفرانسی جیهانی ساڵانەی پەیمانگای میلکن لە لۆس ئەنجلۆس ڕوونیکردەوە کە کۆی بەهای بەرهەمی ناوخۆیی تۆپی پێ ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلارە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا دەتوانێت بەشدارییەکەی بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار ساڵانە زیاد بکات ئەگەر وەبەرهێنەران باوەڕیان بە بازاڕی ناوخۆ هەبێت.
سەرۆکی فیفا سەرسوڕمانی خۆی لە مەیلی سەرمایەی ئەمریکی بۆ وەبەرهێنان لە یانەکانی ئەوروپا نەک لەناو وڵاتەکەی خۆیدا دەربڕی و ڕایگەیاند: یەکێک لە شتە سەرسوڕهێنەرەکانی بازرگانی وەرزشی ئەوەیە کە ئەمریکییەکان باوەڕیان بە ئەمریکا نییە و ئەوەش شتێکە کە من ناتوانم لێی تێبگەم.
ئینفانتینۆ داوای لە وەبەرهێنەران کرد کە تۆپی پێی خولی گەورە (MLS) بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕکابەری باشترین خولە ئەوروپییەکان بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێنانی ئەستێرەکانی وەک لیۆنێل مێسی ئەرجەنتین هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام "ناتوانیت پشت بە تەنها یەک یاریزان ببەستیت؛ دەبێت باشترین یاریزانەکان بهێنیت و هەروەها پەرە بە بەهرەمەندە ناوخۆییەکان بدەیت" بۆ ئەوەی بەڕاستی یارییەکە جیهانی بێت.
سەبارەت بە لایەنە ئابوورییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦، ئینفانتینۆ لە بەیاننامەکانیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی فیفادا بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، پاڵەوانێتییەکە کە ٤٨ تیپی تێدایە نزیکەی ٨٠٠ هەزار هەلی کار دروست دەکات و کاریگەرییە ئابوورییە جیهانییەکانی بە ٨٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە فیفا ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و هەموو قازانجەکانی سەرمایەگوزاری دەکاتەوە لە پەرەپێدانی یارییەکە لە سەرانسەری جیهاندا، ڕوونیشیکردەوە کە "ڕەنگە 150 وڵات تۆپی پێی پێکهاتە و ڕێکخستنیان نەکردایە ئەگەر ئەو داهاتە نەبوایە کە لە ڕووداوێکی وەک مۆندیالەوە دەستدەکەوت".

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق