لە ئێستادا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا نزیکەی لەسەدا ٧٤ی کۆی داهاتی پاڵەوانێتییەکە بۆ یانە بەشداربووەکان تەرخان دەکات، کە دەکاتە ٢.٤٣٧ ملیار یۆرۆ (٢.٨٢٦ ملیار دۆلار)، کە بەسەر ٣٦ یانە بەشداربووەکەی چامپیۆنزلیگدا دابەشکراوە.
لەبەرامبەردا ئەو یانانەی بەشداری پێشبڕکێکانی ئەوروپا ناکەن تەنها 308 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن کە لە نێوانیاندا دابەش دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 7%ی کۆی داهاتەکان.
کلاودیۆس شافەر، سەرۆکی یەکێتی خولەکانی ئەوروپا ڕایگەیاند، کەلێنی دارایی نێوان یانەکانی بەشداری پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان و ئەوانەی لەدەرەوەیان دەمێننەوە، لە ئەنجامی مۆدێلی دابەشکردنی ئێستا، نوێنەرایەتی "دۆخێکی نائاسایی" دەکات کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی خولە ناوخۆییەکان دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناهاوسەنگییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا دەتوانێت کێشەکە بکاتە قەیرانێکی چارەسەرنەکراو لە هەندێک خولدا، دان بەوەدا دەنێت کە ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا بابەتەکە پێشتر گەیشتبێتە ئەم قۆناغە.
یەکێتی خولەکانی ئەوروپا نیازی خۆی بۆ وروژاندنی ئەو پرسە لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا پشتڕاستکردەوە. بەڵام بەدەستهێنانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە بەرچاوەی کە یانە نوخبەکان لە سەرانسەری یەکێتی یانەکانی ئەوروپادا هەیەتی، پێدەچێت قورس بێت.
بەپێی زانیارییەکانی خولەکە، سیستمی ئێستا بۆشایی دارایی لە بەرژەوەندی یانە گەورەکاندا بەردەوام دەکات، بەو پێیەی نزیکەی لەسەدا ٣٥ی داهاتی “چامپیونزلیگ” بۆ ئەو شتە تەرخان دەکات کە بە “کۆڵەکەی بەها” ناسراوە، کە میکانیزمێکە کە پارە دابەش دەکات بەپێی ئاستی مێژوویی یانەکان و بەهای گرێبەستی پەخشی تەلەفزیۆنی پەیوەست بەوانەوە.
لای خۆیەوە ئەلبێرتۆ کۆڵۆمبۆ، سکرتێری گشتی یەکێتی خولەکانی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە هەر دەستکارییەکی بچووک لە ڕێژەی هاودەنگیدا بەس نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
کۆلۆمبۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (پی ئەی میدیا)ی بەریتانی وتی: ئێمە داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی، ئەگەر ڕیشەیی نەبێت، لە شێوازی دابەشکردنی داهاتی کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکەین؛ ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی سیستەمی تۆپی پێ.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق