ڕوونکردنەوەیەک لە یانەی وەرزشی ئارارات - سابات سپۆرت

دواین بابەت

Post Top Ad

2024/11/10

ڕوونکردنەوەیەک لە یانەی وەرزشی ئارارات

دواى ئه‌وه‌ی یانه‌ی ئارارات به‌فه‌رمی له‌ خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان كشایه‌وه‌ ، ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی ئارارات روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

ده‌قی روكردنه‌وه‌كه‌ :
ڕوونکردنەوەیەک لە دەستەی گارگێری یانەی وەرزشی ئارارات (صلاح الدین) بۆ ڕای گشتی و یاریزانان و وەرزش دۆستان]
لەسەر کشانەومان لە خولی نایابی کوردستان
سڵاوێکی وەرزشی
بەڕێزان خەزێنەی مێژووی یانەکەمان پڕە لە دەست کەوتوو و سەروەری چ لەسەر ئاستی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق ، تەنانەت لەچەندین بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکانی دەرەوەی عێراق بە نوێنەرایەتی کوردستان و عێراق بەشداری چەندین پاڵەوانیتیمان کردووە بەتایبەتی لە یارییە تاکەکاندا چەندین یاریزانمان بوونە بە پاڵەوان .
یانەکەمان گرنگی بە چەندین یاری وەرزشی دەدات و بەشداری هەموو پاڵەوانیەتیەکان بە پێی توانا دەکات. بەتایبەتی یاری تۆپی پێ کە لەهەموو جیهان و لە عێراق و کوردستانیش زیاتر گرنگی پێ دەدرێت.
بەڕێزان یانەکەمان دوابەدوای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە توشی بوو لە ساڵانی ڕابردوو بەتایبەتی لە ڕووی داراییەوە ، کە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەهەموو ئاستەکانی گوزەرانی ژیان لە هەرێمی کوردستان گرفت دروست بوو. ئێمە بەهاوکاری وەرزش دۆستان و یاریزانانمان توانیمان لەسەر پێی خۆمان بووەستین و بەردەوام بین لە بەشداری کردن لە خولی نایابی کوردستان بۆ تۆپی پێ . تەنانەت زۆربەی کاتیش لە ڕێزبەندی پێشەوەی خولەکە بووینە و پێشبرێکی بەدەست هێنانی نازناوی خولەکەشمان کردووە.
بەداخەوە لەم ساڵەشدا هەمان گرفتی دارایی توشی یانەکەمان بووەوە . تەنانەت زۆر بە قورسیش ئەم گرفتە لەسەرمان وەستا، چونکی قەرێزێکی زۆرمان لەسەر کەڵەکە ببوو ئی ساڵانی پێشووتر وە خاوەن قەرزەکانیش زۆر بە ڕاشکاوی داوای قەرزەکانیان لە ئێمە کردووە و ئامادە نەبوون زیاتر چاوەرێمان بکەن . هیچ دەرچەیەکیش نەبوو تا بتوانین زاڵ بین بەسەر کێشەکانی دارایی.
بەم هۆیەوە دەستی کارگێری یانەکەمان زیاتر هەوڵی دا تاکو چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە و بتوانین کێشەی قەرزەکان چارەسەر بکەین و بەشداری خولی نایابی کوردستان بکەینەوە . بەڵام بەداخەوە دوای هەموو هەولێک لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرمایەداران و لاینە حزبیەکان نەمان توانی گەرەنتی ئەوە وەربگرین تا بتوانین ئاستەنگەکان ببڕین و بەردەوام بین و ئامادەکاری بکەین بۆ بەشداربوونمان لە خولی نایابی کوردستان.
ئێمەش دۆخی خراپی دارایی هەرێمی کوردستانمان لە پێش چاو بوو، بۆیە ئامادە نەبووین زەختی زیاتر لە بەرپرسانی وەرزشی بکەین تا هاوکارمان بن . تەنانەت یانەکەشمان هیچ وەبەرهێنانێکی پێویستی نەبووە تا بتوانین پشت بەداهاتەکانی ببەستین.
تا لە دوا ساتەکان دەنگمان گەیشت بە نوسینگەی ڕێزدار( مەسرور بارزانی) بەخۆشحالیەوە جەنابیان داواکەی ئێمەی قبوڵ کردوو و ئامادەی خۆی نیشاندا کە هاوکارمان بێت ، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە خولی نایابی کوردستان بکەین.
ئێمەش بە تامەزرۆوە لەهەمان ڕۆژدا کە (٦/١١/٢٠٢٤)بوو. بڕیاری ئەوەماندا تیپەکەمان کۆبکەینەوە دەست بە ئامادەکاریەکانمان بکەین، و چاو لەهەموو کەموو کوریەکانی هونەری تیپەکەمانیش بنوقێنین ، تا تەنها بتوانین بە یارییەکانی خولەکە ڕابگەین و بەشداربین.
بەڵام بەداخەوە چونکی ژمارەی یاریزانانی ئامادەبوومان زۆر کەم بوون ژمارەیان( ١٢) یاریزان بوو ، کە لەبەر سەختییەکان و درێژی قۆناغەکە و دووری شوێنەکان و نەبوونی ئامادەکاری یاریزانان نەدەتوانرا بۆ یەک قۆناغ پشت بەم ژمارە کەمەی یاریزان ببستین . لەهەمان کاتدا سیستەمی ناون نوسینی یاریزانان لە لایەن (یەکێتی تۆپی پێی کوردستان) داخرابوو و دوای چەندین هەوڵ و کۆشش بەڕێزیان ئامادە نەبوون بۆ (١)یەک حەفتە دەرفەتمان پێ بدەن تا بتوانین یاریزانی نوێی ناوخۆ و دەرەکی تۆمار بکەین .
بۆیە بە ناچاری بڕیاری ئەوەماندا پێ لەسەر دڵمان دانێین و بەشداری خولی نایابی کوردستان نەکەین بۆ ئەمسالی خولی وەرزشی (٢٠٢٤-٢٠٢٥).
بەڕێزان خۆشەویستانی وەرزش دۆست و یاریزانان و دانیشتوانی قەزایی پیرمام بەتایبەتی دڵنیاتان دەکەینەوە ، سەرەڕای بوونی گرفتەکان ئێمە لە هەوڵەکانمان سارد نابینەوە و ناوەستین بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان و پێشخستنی سێکتەری وەرزش لە هەرێمی کوردستان. وهەر بەردەوامیش دەبین لە خولەکانی تۆپی پێی کوردستان . بەتایبەتی لە داهاتوو زیاتر کار لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتوانی تۆپی پێ دەکەین و بە پشتیوانی خودا و یاریزانانمان بەشداری خولی عێراقیش دەکەین و بە پێی تواناش بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی کردنی یارییەکانی تری یانەکەمان.
لە کۆتایدا زۆر سوپاسی لوتفی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) دەکەین، کە هاوکارمان بووە.
وسوپاسی هەموو ئەو یاریزان و وەرزش دۆست و بەرپرسانی وەرزشی دەکەین کە هاوکارمان بوونە لە پێشخستنی وەرزش لە یانەکەمان.
هەروەها سوپاسی یەکەی ئیداری قەزایی پیرمام دەکەین بە هەموو فەرمانگەکانی کە هاوکارمان بوونە لە بەرەوپێش بردنی وەرزش لە قەزاکەمان.
دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی ئارارات(صلاح الدین).

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Bottom Ad

Pages