بەپێی نوێترین توێژینەوەی زانستی، ئەنجامدانی وەرزش تەنیا سوودی جەستەیی نییە، بەڵکوو پارێزگاری لە مێشک و دەروون دەکات و لەکاتی بەساڵاچووندا رێگردەبێت لە تووشبوون بە لەبیرچوونەوە.
توێژینەوەکان باس لە سوودەکانی ئەنجامدانی وەرزشی رۆژانە دەکەن، بەتایبەت بۆ بەرگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان، کە ئەم نەخۆشیانە دیارترین جۆری نەخۆشیی ئەم سەردەمەن، نوێترین توێژینەوە، کە زانکۆی فلۆریدا ئەتلانتیکی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای سینفیستافی مەکسیکی ئەنجامدراوە، جگە لە سوودە جەستەییەکان، تیشک خراوەتە سەر سوودە دەروونی و هزرییەکانی وەرزشکردن.
بەپێی توێژینەوەکە، کە پێگەی "fitbook"ی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە؛ ئەنجامدانی وەرزش لە تەمەنی گەنجێتیدا، بەتایبەتی راکردن، یان هەنگاونانی خێرا، یارمەتی بوژانەوەی خانەکانی مێشک دەدات و یادگە بەهێز دەکات، هەروەها لەکاتی بەساڵاچووندا لە تووشبوون بە لەبیرچوونەوە دەتپارێزێت.
د. هێنریت ڤان پراگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند: وەرزشکردن لە قۆناغی گەنجێتیدا، کاریگەریی لەسەر دەمارەخانەکانی مێشک دادەنێت و لە کاتی هەڵکشانی تەمەن و بەساڵاچووندا و کەسەکە لە لەبیرچوونەوە و تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر دەپارێزێت.
لەلایەن خۆشیەوە، د. کارمین ڤیڤار، بەشداربووی توێژینەوەکە دەڵێت: " بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکەمان، وەرزشکردن لە سەرەتا و ناوەڕاستی تەمەندا، زامنی پاراستنی مێشکە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک بۆ دوورکەوتنەوە لە لەبیرچوونەوە و ئەلزەهایمەر، ئەنجامدانی وەرزش بکات بە بەشێک لە رۆتینی رۆژانەی خۆی".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق