دوای ئەوەی لەدوایین گەڕی خولی نایابی کوردستان، یانەکەمان یاری ئەنجامدا لەگەڵ یانەی ئارارات، دوای ئەوەی گێمی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات و کابتنی یانەکەمان لەڕێڕەوی چونە ژوورەوە وەکو دیاردەیەکی ئاسایی پەڵپی زارەکی لە ناوبژیوان گرت و داوای مافی یانەکەمانی کرد، لەو کاتەدا یاریزانانی یانەی ئارارات فشاریان بۆ یاریزانانی ئێمە و ناوبژیوان هینا و داوایان لێکرد کە گوێ بە گلەییەکانی ئێمە نەدات، لەو کاتەدا چەند کەسێک لە هەردوولا بەشێوەی زارەکی ڕوبەڕووی یەکتر بونەوە هەرچەند هیچ کێشەیەک لەگەڵ یاریزانانی ئاراراتدا نەبووە بەڵکو ڕاستەوخۆ ئەوان هاتنە ناو بابەتەکە ، ئیتر کێشەکە گەیشتە ئەوەی جنێو و سوکایەتی بکرێت بەتایبەتی یاریزانی ئاڕاڕات"سەلام ئەحمەد" ڕاستەوخۆ کەوتە جنێودان و سوکایەتی بەخەڵکی سۆران و بە خەڵکی نەزان و دواکەوتوو ناوی هێنان لەم کاتەدا پەرچەکردارێک دروستبوو بەو ئەنجامە گەیشت کە ڕویدا.
لەکاتێکدا ئەو ڕونکردنەوەیە دەدەین کە گلەیی زۆرمان لە ئاستی ناوبژیوانان هەبوە بەتایبەتی ناوبژیوانی ناوەڕاست "محەممەد کۆلینا" کە دوو یاری ئێمەی بەڕێوەبردووە لەهەردوو یاری کێشە دروستبووەو هۆکاری سەرەکی کێشەکەش ئەو بووە چونکە نەیتوانیوە ئیدارەیەکی سەرکەوتووی یارییەکان بدات.
ئەو خوێندنەوەیەی لەلایەن (فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان) بۆ ڕوداوەکە کراوە زۆر لە (ئەرزی واقیع) دوورە، وە بڕیاری هەژمارکردنی براوە بۆ یانەی ئاڕاڕات هیچ پێوەرێکی ئاسایی و یاسایی وەرزشی وەکو خۆی نیە، بەوەش بەداخەوە گومان بۆ زۆرشت دەبەین کە دەکەونە فۆڕمی دژایەتی خەڵکی سۆران و تەدەخولاتی ناوەرزشی .
هەبونی یانەیەکی وەکو سۆران، بەو ژمارە زۆرەی هاندەرانیەوە بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان جوانیەکی وەرزشی بێ وێنەبوو، سەرەڕای ئەوەی کە وەرزشمان بۆ چینێکی دیاری کۆمەڵگا کردبوە هەناسەیەک و ئۆقرەیی لەو بارودۆخە خراپانەی کە کوردستان پێیدا گوزەری دەکرد و گەنجان بەهۆی یانەکەمانەوە سەرقاڵ ببوون و دورمان خستبوونەوە لە هەمو کارێکی نەخوازراو و لادراوی کۆمەڵگا.
بۆیە دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی کە دژی یانەکەمان دراوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناچینە ژێر کاریگەریەکانی و سەرلەبەری بڕیارەکە بە شێوازێکی دوور لەگیانی وەرزشی و میزاجی کەسی ناو دەبەین، چونکە شارێک سزا دراوە نەوەک چەند کەسێک کە ئەوانەی هەقیان بوە سزا بدرێن ئێمە گلەییمان لێیانەوە نەدەبو.
بە هەمو لایەکی ڕادەگەیەنین کە سۆران جێگای میوان دۆستی و خۆشەویستییە و ئەو ئەرکانەی لەسەرمان بووە لەکاتی بەڕێوەبردنی یاری لەسەر یاریگای ئێمە بەڕێوەچوونە بە باشترین شێوە بووە چ کارگێڕی بێت چ ئەمنی. هەروەها یاریگاکەمان نمونەترین یاریگای کوردستان بوە بەشاهێدی یانەکانی کوردستان کە هاتوونەتە سۆران و یارییان ئەنجام داوە.
لەکۆتاییدا ئەوە ڕادەگەیەنین کە پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیارەکەی خۆی ڕابگرێت و نەکەوێتە ژێر فشاری هیچ کەس و لایەک و بیر لەچارەسەری دروست بکاتەوە..
ئەگەر ئەوەش نەکرا ئەوا لە زوترین کاتدا یانەکەمان هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت بەتایبەتیش کشانەوە لەخولی نایابی کوردستان لەگەڵ جەماوەری وەرزشی و دەزگا ئیدارییەکان تاوتوێ دەکــەین.
یانەی وەرزشی سۆران
16/2/2022
ئەو بڕیارانەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ، كە یانەی سۆرانی هێنـا دەنگ.
3- سەبارەت بە رووداوەکانی یاری نێوان سۆران و ئاڕارات بریاردرا بە :
- بە هەژمارکردنی یانەی سۆران بەرامبەر یانەی ئاڕارات بە دۆڕاو بە ئەنجامی ( 3-0 )
- بە پێی بڕگەی ( 5 ) لە رێنمایی کارگێری و سزادان بریاردرا بە دورخستنەوەی ( فەرمان ئیسماعیل ) بەیاوەرنەکردنی تیپەکەی لەدەرەوە و ناوەوەی یاریگای خۆی تا کۆتایی وەرزی 2021-2022 .
- بە پێی برگەی ( 3 ) لە رێنمایی کارگێری و سزادان بریاردرا بە دوورخستنەوەی ( محمد منسور ) راهێنەری گۆڵپارێزەرانی یانەی سۆران بۆ ماوەی ( 1 ) یەک ساڵ، لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەکە.
- دەستخۆشی لە هەماهەنگکاری راگەیاندنی یانەی سۆران ( نیاز رۆستەم ) دەکەین کە رۆلی بەرچاوی هەبووە لە یارییەکە و رێگر بووە لە تەشەنەکردنی کێشە و گرفتەکانی نێو یاریگا .
- دەستخۆشی لە هاندەرانی یانەی سۆران دەکەین کە بە گیانێکی وەرزشی هانی یانەکەیان ددەدن و هیچ کاتێک نەبوونەتە هۆکاری کێشە و گرفتەکان
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق