چوارشەممە ( 2022/2/16 ) بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا ئەم بڕیارو راسپاردانەی خوارەوەی
1- داوا لە سەرجەم کەناڵ و میدیاکارانی وەرزشی دەکەین، لە داهاتوو بۆ میوانداری کردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێر و ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ بەرنامە یان وەرگرتنی لێدوان، پێویستە پێش وەختە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی راگەیاندنی یەکێتی تۆپی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی کارەکانی ئێوە و ئێمەش بە شێوەیەکی جوانتر بەڕێوە بچێت، هاوکاریتان جێگای رێزە .
2-بە پێی برگەی ( 6 ) و ( 11 ) لە رێنماییە گشتیەکان یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کە خاوەن دەسەڵاتی تەواوە بۆ بڕیاردان، بۆیە لە هەر روداوێکی نەخوازراو لەلایەن دەستەی کارگێری یانەکان یەکێتی تۆپی پێ بۆی هەیە یانە بە دۆڕاو هەژمار بکات.
3- سەبارەت بە رووداوەکانی یاری نێوان سۆران و ئاڕارات بریاردرا بە :
- بە هەژمارکردنی یانەی سۆران بەرامبەر یانەی ئاڕارات بە دۆڕاو بە ئەنجامی ( 3-0 )
- بە پێی بڕگەی ( 5 ) لە رێنمایی کارگێری و سزادان بریاردرا بە دورخستنەوەی ( فەرمان ئیسماعیل ) بەیاوەرنەکردنی تیپەکەی لەدەرەوە و ناوەوەی یاریگای خۆی تا کۆتایی وەرزی 2021-2022 .
- بە پێی برگەی ( 3 ) لە رێنمایی کارگێری و سزادان بریاردرا بە دوورخستنەوەی ( محمد منسور ) راهێنەری گۆڵپارێزەرانی یانەی سۆران بۆ ماوەی ( 1 ) یەک ساڵ، لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەکە.
- دەستخۆشی لە هەماهەنگکاری راگەیاندنی یانەی سۆران ( نیاز رۆستەم ) دەکەین کە رۆلی بەرچاوی هەبووە لە یارییەکە و رێگر بووە لە تەشەنەکردنی کێشە و گرفتەکانی نێو یاریگا .
- دەستخۆشی لە هاندەرانی یانەی سۆران دەکەین کە بە گیانێکی وەرزشی هانی یانەکەیان ددەدن و هیچ کاتێک نەبوونەتە هۆکاری کێشە و گرفتەکان
4- بە پێی بڕگەی ( 6 ) لە سزای یاریزانان بریاردرا بە راگرتنی یاریزانی ژمارە ( 24 ) بیست و چوار ( سەیوان محمد ) یاریزانی یانەی رزگاری بۆ دوو یاری لەگەڵ مانەوەی کارتە سوورەکەی .
5- بانگهێشتکردنی سەرۆک و سکرتێر و راهێنەری یانەکانی سەرکەوتوو بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی فوتساڵی کچان لە رۆژی یەکشەممە 2022/2/20 کاتژمێر 2:00 بەنووسراوی فەرمی لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادە بن.
6- دوای سەردانی کردنی دەستەی کارگێری یانەی خانەقین و گەیاندنی بەڵێننامە لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی خانەقین و ئاسایشی خانەقین و نوسینی بەڵێننامە لە لایەن دەستەی کارگێری، بریادرا بە گەراندنەوەی یارییەکان بۆ یاریگای خۆی لەگەڵ پاراستنی گیانی تیپی تۆپی پێی میوان تا بە ڕێکردنیان بۆ دەرەوەی شاری خانەقین و دووبارە نەکردنەوەی هەڵس و کەوتی نا وەرزشی بە پێچەوانەوە بۆ ساڵی داهاتوو بریاری قورس دەدرێت.
7- ئاگاداری یانەی رانیە دەکەینەوە لە یارییەکانی داهاتوو هاندەرانیان لە یارییە ئاگرینەکان و چواردەوری تێل بەندی لاکێشەی سەوز و پشتی هەردوو گۆڵی یاریگا دوور بخەنەوە و بە پێچەوانەوە روبەرووی لێپێچینەوە دەبنەوە.
8- بۆ سەرجەم ئەوانەی سزای کارگێریان هەیە بۆیان نیە بە بێ نوسینی بەڵێننامە بەشداری چاڵاکیەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بکەن.
راگەیاندنی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق