سابات سپۆرت - سەرچاوەکان چەندین هۆکار لەبارەی ترسی دینیس بێرکامپ-ی ئەستێرەی دێرینی هۆڵەندا و یانەی ئارسیناڵەوە باسدەکەن، هەندێک پێیانوایە تەمەنی 20 ساڵانبووە کاتێک فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی سۆرینام، كە بەرەو هۆڵەندا گەشتیكردووە، تێکشکاوە، هەندێکی دیکە باس لەوە دەکەن لە مۆندیالی 1994 و لەڕێگەی گەیشتن بە ئەمریکا فڕۆکەکەیان یەکێک لە بزوێنەرەکانی تێکشاوە و خەریکبووە بکەونە ناو ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە.
هۆکارەکە هەرچییەک بێت، بێرکامپ کاتێک لە ئینتەرمیلانەوە پەیوەندیی بە ئارسیناڵەوە دەکات، ئامادەیی دەردەبڕێت 100 هەزار پاوەند لە مووچەکەی کەمبکرێتەوە، بەو مەرجەی بە فڕۆکە گەشت نەکات، یانەی ئارسیناڵیش بەو مەرجە قایلدەبێت.
لەو بارەیەوە بێرکامپ دەڵێت، "لە ئینتەر بە فڕۆکەی بچووک گەشتماندەکرد، هێندە فڕۆکەی خراپبوون بەدرێژایی گەشتەکە دەلەرزینەوە، تەنانەت نەک ترسم لە سواربوونی فڕۆکە، بەڵکو ترسم لە شوێنە تەسکەکانیش بۆ دروستببوو، لەهەر یارییەکدا تەماشای ئاسمانم دەکرد بزانم کەشوهەوا چۆنە نەوەکو تووشی ڕووداوێک ببین، سەرنجم لە یاریکردن بۆ نەدەدرا، بۆیە لەکۆتاییدا وتم، تەواو چیتر من بەرگەی گەشتکردن ناگرم، لە هۆڵەندا و ئارسیناڵ ڕێزیان گرتم و چیتر ناچاریان نەکردم گەشتی فڕۆکەوانی ئەنجامبدەم، چونکە ترس دایدەگرتم، دەلەرزیم، ئارەقەی ساردم دەکردەوە و خەوم لێنەدەکەوت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر یاریکردنم دروستدەکرد"
سەرچاوە ئێستا.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق