سابات سپۆرت - ئەمە ئەو راپۆرتەیە کە کاروان حەمە فەرەج سەرپەرشتیاری یاری نێوان هەولێر و شوورتەیە، دوای رووداوەکانی یارییەکە نووسیویەتی باس لە راستی رووداوەکان دەکات
راپۆرتی یاری نێوان هەولێر و شوورتە لە پاڵەوانێتی جامی عێراق
1- یارییە لە رووی رێکخستنەوە زۆر باش بوو، بەڵام لە رووی رێکاری ئەمنیەوە وەکو پێویست نەبوو، چونکە ژمارەی پیاوانی ئەمنی لە ئاست خواستی ئێمەدا نەبوو، 12 هەزار هاندەر لە یاریگەکە ئامادەبوون، بەڵام پیاوانی ئاساییش ژمارەیان لە 20 کەس تێپەڕی نەدەکرد. ئەو ژمارەیەش بەس نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رووداوی بەپەلەی نەخوازراو.
2- دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، یاریزانانی هەردوو یانە بەبێ کێشە یاریگەکەیان بەجێهێشت، هەروەها هاندەرانی هەولێر لەگەڵ یاریزانەکان و تەنانەت پۆلیسیش پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان دەگێڕا، لێرە ڤیدیۆکان وەکو بەڵگە هەن کە راستی ئەمە دەسەلمێنن.
3- رەفتاری هاندەرانی هەردوو یانە لە سەرەتای یارییەکە تاوەکو کۆتایی یارییەکە زۆر باش بوو، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، کێشە دروست بوو لەلایەن هاندەرێکی یانەی هەولێرەوە کە لەسەر پەیژەکانی یاریگە ئامادەبووبوو، دوای پرسیار و بەدواداچوونی لێژنەکەمان بۆمان دەرکەوت ئەو کەسە ناوی ئەندامە. لەوکاتەی هاندەرانی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنیان دەگێڕا، چەند هاندەرێکی شوورتە خەریکی هەڵکەندنی کورسییەکانی یاریگاکەبوون و پاشان فێڕیان دەدایە نێو یاریگاکە. یەکێک لە هاندەرانی شوورتە دابەزییە نێو یاریگاکە و خۆی کرد بەنێو هاندەرانی هەولێردا، لەوکاتەدا هاندەرانی هەولێر سەرقاڵی ئاهەنگێڕان بوون، دوو هاندەری هەولێر هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەسەی ئاڵاکەی بەرز کردبووەوە، هەر بۆیە شەڕو پێکداهەڵپژان لەنێوان هەردوولا دروست بوو. لەوکاتەدا بەشێک لە هاندەرانی هەولێر هەوڵی ناوبژیوانییاندا و بەرگرییان لەو کەسە کرد کە ئاڵاکەی عێراقی پێبوو. بەبێ ئەوەی هیچ برینداربوونێکی جەستەیی لە هیچ لایەک دروست بووبێت.
بەشێوەیەکی گشتی کەمتەرخەمی هەبوو لەلایەن لایەنی پاراستنی ئاساییشی یاریگەکە و هاندەران، چونکە ژمارەی ئامادەبوونی هاندەران لە سەروو پێشبینی پیاوانی ئاساییشەوە بوون کە ژمارەیان زۆر کەم بوو.
دوای کۆتاییهاتنی رووداوەکان، هەوڵمدا بگەم بە راستی رووداوەکان، کە باس لەوە دەکرا کە پێکان و بریندار هەبوو لە دەرئەنجامی ئەو پێکداهەڵبژانەدا، گوایە چەند کەسێک بەهۆی ئەو رووداوە برینداربوونەوە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، دوای بەدواچوونی خۆم و پاشان پەیامنێری کەناڵی عێراقییە، دڵنیای کردمەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بریندار دەکەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە و کەس نەگێندراوەتە نەخۆشخانە، بۆیە سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە دووربوون لە راستییەوە.
کاروان حەمەفەرەج
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق