هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
تاهیر سابیر خۆشناو، ئەستێرەیەکی دیاری یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی بوو لەسەر ئاستی كوردستان و عێڕاق، لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو، تا ساڵی ١٩٩٠، ئەو یارییەی ئەنجام داوە، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێڕاق لە زۆرترین پاڵەوانیەتی ئاسیا و عەرەبی بەشداری کردووە و چەندان میدالیای زێڕ و پلەی باشی بەدەست هێناوە، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا، وێڕای گێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی و هەندێك لە بەسەرهاتەكانی، باسی هۆکارەکانی خراپی دۆخی ئەو یارییە لە کوردستان دەکات و پێشنیازیش بۆ باش بوونی ڕەوشی وەرزش دەکات.
کەی دەستی بە یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی کردووە؟
تاهیر سابیر یاریزانی دێرینی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی شاری هەولێر بەمشێوەیە باس لەسەرەتایی دەسپێکردنی ژیانی وەرزشی خۆی دەکات و دەڵێت: لە ساڵانی حەفتاکاندا لە ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر دەستم بە وەرزش کرد، سەرەتا یاری مشتەکۆڵەم دەکرد، بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بووم، لە پاڵەوانیەتی پارێزگاکانی کوردستان کە شاری موسڵیش بەشدار بوو، پلەی یەکەمم بەدەستهێنا.
دواتر (مەزۆ لەشکری) کە ڕاهێنەرێکی زۆر بەتوانا و دڵسۆزی هەولێر بوو، لەو کاتەدا توانی چەندین یاری لە هەولێر گەشەپێبدات وەکو گۆڕەپان و مەیدان و پایسکیل سواری و مشتەکۆڵە و چەندین یاری تر، لەو کاتەوە منیش دەستم کرد بە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی، حەزی زۆرم بۆ یارییەکە هەبوو، لە ماوەیەکی کەمدا بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی عێڕاقمان کرد، یەکەم پاڵەوانیەتی بریتی بوو لە تەکنیکی ئەو یارییە لەشاری کەربەلا بەڕێوەچوو، وەکو هەڵبژاردەی هەولێر پلەی یەکەممان بەدەستهێناو منیش لەسەر ئاستی تاک پلەی حەوتەمم بەدەستهێنا.
بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کردووە
تاهیر خۆشناو زیاتر باسی ئەزموونی خۆی لە یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی کرد و گوتی: لە یاریکردن بەردەوام بووم و زیاتر گرنگیم بە بەرزکردنەوەی قورسایدا، ئاستم زۆر بەرەوپێش چوو، پاڵەوانیەتیەکانی تازەپێگەیشتوان و لاوان بەبەردەوامی بەڕێوەدەچوون.
وەکو ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر بەشداریمان دەکرد و ئەنجامەکانمان زۆر باش بوون.
لە ساڵی ١٩٨٢ لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتوان یەکەمی عێڕاق بووم و لە هەڵبژاردەی عێڕاق وەرگیرام، دواتر لە ساڵی ١٩٨٥ لە وڵاتی نیپاڵ بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی ئاسیامان کرد و پلەی یەکەمم و ٣ میدالیای زێڕم بەدەستهێنا.
دواتر لە ساڵی ١٩٨٦ لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی لە سوریا بەشداریم کرد، هەر ئەو ساڵە لە پاڵەوانیەتی ئەنادۆڵ لە تورکیا بەشداریم کرد، میدالیایەکی زێڕ و دوو میدالیای زیوم بەدەستهێنا، ساڵی ١٩٨٧ لە وڵاتی چین بەشداری پاڵەوانیەتی ئاسیمان کرد و پلەی چوارەمم بەدەستهێنا.
لە وڵاتی ڕوسیا کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی عێڕاقمان کرد و دواتر لە سیئۆل بەشداری پاڵەوانیەتی ئاسیمان کرد، لەوێ بەهۆ ئەنفلۆنزەوە خەریک بوو بەشداری نەکەم، بەڵام دواتر بەشداریم کرد و پلەی چوارەمیشم بەدەستهێنا.
ئەوەی لەو کاتەدا پلەی یەکەم تا سێیەمی بەدەستهێنابایە، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئاسیا شێخ فەهد کە خەڵکی کوێت بوو، وەک خەڵاتێک بڕی ١٠٠٠ دۆلار و کریستاڵێکی وەک دیاری دەبەخشی بە یاریزانانی وڵاتانی عەرەبی، بەڵام ئێمە لەو خەڵاتە بێ بەش بووین و نەماتوانی میدالیا لەو پاڵەوانیەتیە بەدەستبهێنین، لە پاڵەوانیەتیەکی تری جیهانی کە لە عێڕاق ئەنجامدرا و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشدار بوون، یاریزانێکی ڕوسی کە پاڵەوانی جیهان بوو پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و من دووەم بووم.
چۆن ئاگاداری یاساو گۆڕانکارییەکان بوون؟
دەربارەی ئەوەی کە لەسەردەمی ئەوان وەکو ئێستە تەکنەلۆجیا بەهێز نەبووە چۆن لە نوێترین یاسا و ڕێساکانی یاری بەرزکردنەوەی قورسای ئاگادار دەبوون، لەو بارەیەوە (تاهر سابیر) گوتی: بەشێوەیەکی گشتی یاساکانی بەرزکردنەوەی قورسایی دیار بوون و گۆڕانکاری زۆر بەسەر نەدەهات، بەڵام ئەو کاتە بەهۆی نەبوونی ئینتەر نێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، زیاتر لەڕێگەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان هەواڵ و گۆڕانکارییەکانمان دەزانی، یاخود لە ڕێگەی فیدراسیۆنی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی گۆڕانکاری و کات و شوێنی پاڵەوانیەتیەکانمان دەزانی.
بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی لەو ئاستەدایە؟
لە دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێر ئەو وەرزشوانە دێرینە باسی دۆخی یاریی بەرزکردنەوەی قورسایی لە کورستان کرد و گووتی: یارییەکە تا ڕادەیەک گرنگی پێدەدرێت، بەڵام یانەکان وەکو پێویست بایەخ بەو یارییە نادەن، لە هەولێر تەنیا یانەی هەولێر هۆڵ و یاریزان و ڕاهێنەری بۆ ئەو یارییە تەرخان کردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی دۆخی دارایی و شەڕی داعش و بارودۆخی کوردستان، ئەنجامەکانی ئەو یارییە لەسەر ئاستی کوڕان وەکو پێویست نەبوون، بەڵام لەسەر ئاستی کچان لە ئاستی عێڕاق و وڵاتانی عەرەبی ئەنجامەکان زۆر باشن و چەندین میدالیای زێڕیان بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەوەی فیدراسیۆنی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی عێڕاق هاوکاری هەولێر ناکات.
هێمای بۆ ئەوەیش کرد لەلایەن خۆیەوە هەوڵی باشکردنی ئەو یارییەی داوە و هۆڵێکی تایبەتیان بەبەرزکردنەوەی قورسای لەناو هۆڵی زەرد دروست کردووە، بەڵام یاریزانی ئەو یارییە کەمە و زیاتر لە هۆڵەکانی یاری لەشجوانی یاری دەکەن و بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی لەشجوانی و لەشڕێکی دەکەن و کەمتر گرنگی بەبەرزکردنەوەی قورسایی دەدەن.
داهاتووی ئەو یارییە چۆن دەبینێت؟
دەربارەی ئەوەی کە گەشبینە بەوەی لە ماوەی داهاتوودا یاریی بەرزکردنەوەی قورسای لە ئاستێکی باشتردا بێت، پاڵەوانەکەی ئاسیا گووتی: داهاتووی یاری بەرزکردنەوەی قورسایی پەیوەستە بە گرنگی پێدانی یانەکان بەو یارییە و دابینکردنی مووچە و بڕە پارەیەک تا ڕاهێنەر دابینکرێت، ئەو کاتە لەماوەی کەمتر لە ساڵێک دەتواندرێت تیپێکی بەهێز دروست بکرێت، کە ڕکەبەری لە پاڵەوانیەتیەکاندا بکات و یاریزانی نوێیش پێدەگەن.
پێشنیازی چی دەکات بۆ باشکردنی دۆخی وەرزشی کوردستان؟
ئەو وەرزشوانە دێرینە کە ئێستە بەڕێوەبەری وەرزشی هەولێریشە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی وەرزش و یانەکانە، لەسەر خراپی دۆخی وەرزشی کوردستان قسەی کرد و گووتی: وەرزشی کوردستان لەناو ناچێت، بەڵام لە دۆخێکی باشدا نیە.
جاران کە دۆخی دارایی عێڕاق خراپ بوو، یاریزانانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق ڕکەبەرییان دەکرد تاوەکو بێنە کوردستان و لە یانەکانی ئێرە گرێبەستیان لەگەڵ واژوو بکرێت، وەرزش پەیوەستە بە پارەوە، ئێستە کە دۆخی کوردستان بەوجۆرەیە، دۆخی دارای حکومەت و یانەکان باش نیە، بۆ باشکردنی دۆخی وەرزشیش پێویستە یانەکان تەنیا گرنگی بە تۆپی پێ نەدەن و سێ تا چوار یارییان هەبێت و بەتەواوی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن.
شەرت نیە هەموو یانەکان تیپی تۆپی پێیان هەبێت، با هەندێک یانە کە لە قەزاو ناحیەکانن گرنگی زیاتر بە یارییە تاکیەکان بدەن، ئەو کاتە دڵنیام یارزانی باش لە هەموو یارییەکان دروست دەبن.
خۆشترین یادگاری وەرشی لای ئەو چیە؟
لەماوەی چەند ساڵ یاریکردنی وەکو یاریزانی بەرزکردنەوەی هەڵبژاردەی عێڕاق و بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیە وەرزشییەکان (تاهیر سابیر) دەڵێت: بەدەستهێنانی سێ میدالیای زێڕ لە وڵاتی نیپاڵ خۆشترین یادگاری منە و شانازی پێوەدەکات، گوتیشی لەو یادگارییەیش خۆشتر ئەو یادگارییە بوو، کە تاکە کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان بووم بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٩ زۆرترین کێش کە ٢٠٢ کیلۆ بوو بەرزم کردەوە، کە پێشتر هیچ یاریزانێکی ئەو یارییە لە هەموو پارچەکانی تر ئەو کارەی نەکرد بوو، ئەم دەسکەوتەی من لە پاڵەوانیەتی عێڕاق بوو کە لەشاری بەغدا بەڕێوەچوو.
نەیتوانیوە بەشداری ئۆڵۆمپیاد بکات
پاڵەوانە کوردەکەی بەرزکردنەوەی قورسایی یادگارییەکی ناخۆشی لە مۆسکۆ هەیە کاتێک ساڵی ١٩٨٨، خۆیان بۆ یارییەکانی ئۆڵەمپیاد ئامادە کردووە، بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی وزەبەخش لەلایەن چەند یاریزانێکی هەڵبژاردەی عێڕاقەوە، شاندی هەڵبژاردەکە دەگەڕێننەوە بەغدا و ماوەی ١٣ ڕۆژ لە بەندیخانە ماونەتەوە، وەکو سزایەک قژی هەمویان سفر کردوون، بەمەیش خەونی بەشداری کردنیان لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لەدەستداوە.

