ووردەکاریەکان:
هانسی فلیک پێکهاتەی سەرکردایەتی یانەی بەرشەلۆنەی کۆتایی پێهێنا و بڕیاریدا ڕافینیا وەک کاپتنی یەکەم و پێدری وەک کاپتنی دووەم بمێنێتەوە، ژووری جلگۆڕین سێ پۆستەکەی دیکەی کاپتنی بۆ ئیریک گارسیا و فرێنکی دی یۆنگ و لامین یامال دیاریکردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، فلیک ڕۆڵی ڕاستەوخۆی بینیوە لە دیاریکردنی دوو ناوی یەکەمی پلەبەندی سەرکردایەتیدا، سەرەتا ڕافینیا و پێدری وەک کاپتنی کاتی هەڵبژاردووە پێش یارییەکەی جامی جوان گامپەر، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بڕیاربدات لە سەرەتای وەرزدا دامەزراندنەکانیان بە هەمیشەیی بکەن.
سەبارەت بە سێ خاڵەکەی دیکەش، ڕاهێنەری ئەڵمانی بڕیارەکەی بۆ ژووری جلگۆڕین جێهێشت، کە ئێریک گارسیا و فرێنکی دی یۆنگ و لامین یێمایان هەڵبژارد.
هەڵبژاردنی ئێریک گارسیا درێژەپێدەری ئەو ڕۆڵەیە کە فلیک لە دوو وەرزی ڕابردوودا پێی بەخشیوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دیسیپلین و خۆبەخشییەی یاریزانەکە نیشانی داوە، لەگەڵ گەشەسەندنی سەرکردایەتییەکەی لەناو گروپەکەدا، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە کاندیدە پێشەنگەکان بۆ پۆستی کاپتن.
هەڵبژاردنی فرێنکی دی یۆنگ تاڕادەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو، بەتایبەتی کە پێشتر قۆڵی کاپتنی لەبەردا بووە و لەلایەن هاوڕێکانیەوە ڕێزی لێدەگیرێت، جگە لەوەی خاوەنی ئەزموونێکی بەرچاوە لەناو تیپەکەدا، بەتایبەتی دوای ڕۆیشتنی مارک ئەندرێ تێر ستیگن.
بەڵام گەورەترین سەرسوڕمان هەڵبژاردنی لامین یامال بوو کە سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنها ١٩ ساڵ بوو متمانەی هاوڕێکانی بەدەستهێنا. ئەم هەڵبژاردنە گوزارشت لە گەشەسەندنی باڵای یاریزانەکە دەکات لەناو تیپەکەدا، نەک تەنها وەک یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی بەرشەلۆنە لە یاریگادا، بەڵکو وەک یەکێک لەو ڕووخسارانەی کە ژووری جلگۆڕین بە نوێنەرایەتی داهاتووی تیپەکە دەیبینێت.
هەڵبژاردنی کۆتایی پێکهاتە تێکەڵەیەک لە دیدگای فلیک و متمانەی ژووری جلگۆڕین ئاشکرا دەکات. ڕاهێنەرەکە بە هەڵبژاردنی ڕافینها و پێدری پێکهاتەی سەرکردایەتی یەکلایی کردەوە، یاریزانەکان بە هەڵبژاردنی سێ ناوی دیکە وێنەکەیان تەواو کرد کە نوێنەرایەتی تێکەڵەیەک لە ئەزموون و ئامادەبوونی سەرکردایەتی و توانای داهاتوو دەکەن، لەگەڵ لامین یەمال سەرەڕای تەمەنی بچووکی جێگەیەکی دیار و بەرچاوی پێدرا.
بڕیارە فلیک لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی پێش یارییەکەی ڤالێنسیا قسە لەسەر پرسی سەرکردایەتی بکات، چونکە بەرشەلۆنە وەرزێک دەستپێدەکات کە تیایدا هەوڵدەدات سەقامگیری لە ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا بپارێزێت.

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق