کاپتن عومەر سەلیم، ناوێکی دیار و درەوشاوەی تۆپی پێی کوردستان و هەولێرە، ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە تۆپی پێ کردووە و توانیویەتی بەوپەڕی دڵسۆزی ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات و بەرگری لە ناوی هەولێر بکات، لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق.
عومەر سەلیم، وەکو یاریزان ماوەی 13 وەرز لە نێوان ساڵانی 1973 تا ساڵی 1986 خزمەتی بە وەرزش و تۆپی پێی کوردستان کردووە و لەم ماوەیەدا یاری بۆ یانەکانی (التأخي، هەولێر، پۆلیسی هەولێر، هەڵبژاردەی هەولێر) کردووە، جگە لە وەرزی 1984-1985، کە لە خولی پلەیەکی عێڕاق یاری بۆ یانەی موسڵ کردووە.
ناوبراو، جگە لەوەی وەک یاریزان سەرکەوتوو بووە، لە هەمان کاتدا لە بواری کارگێڕی و سەرپەرشتیاری تیپیش توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە نێوان ساڵانی 2013 تاکو 2015 سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بووە و لەگەڵ راهێنەرە بەناوبانگەکانی ئەوکاتی یانەکەمان کاری کردووە، لەمانە (رادان گاسانین، ئەیوب ئۆدیشۆ، ئەكرەم سەلمان و ئەحمەد سەڵاح).
لێرەدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە سەردەمی کارکردنی کاپتن عومەر وەک سەرپەرشتیار لە یانەی هەولێر، یانەکە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە تایبەت لە هێنانی یاریزانی پیشەگەر بۆ یانەی هەولێر، کە کاپتن عومەر توانی وەک سەرپەرشتیار چەند یاریزانێکی ئیسپانی بهێنێتە ریزی یانەکە لەوانە (خۆرخێ گۆتۆر پڵاس، رۆبیاتۆ، ڤیکتۆر) کە ئەم یاریزانانە سەرەڕای ئەو بڕە بۆندە کەمەی کە پێیان دەدرا، بەڵام رۆڵی سەرەکیان گێڕا لە گەیشتنی یانەی هەولێر بە پلەی دووەمی جامی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا دوای دۆڕانی بەرامبەر قادسیەی کوێتی بە لێدانی سزا.
هەر لە ماوەی کارکردنی کاپتن عومەر یانەی هەولێر دووجار پلەی دووەمی خولی نایابی عێڕاقی بە دەستهێنا سەرەڕای ئەو گرفتە جۆراوجۆرانەی کە رووبەرووی یانەکە بوویەوە، بەڵام کاپتن بە هۆی لێهاتوویی و شارەزایی زۆربەی ئاستەنگەکانی لابردووە و رێگە خۆشکەر بوو بۆ سەرکەوتنەکان.
عومەر سەلیم، جگە لەوەی وەرزشکارێکی سەرکەوتووە، لە بواری ئەکادیمیش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەرچووی بەشی مێژووە و ماوەیەکی زۆر لە نێوان ساڵانی 1980تاکو 1986 وەک مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندی ناحیەی دیبەگە کاری کردووە، خۆشەویستی خەڵك و قوتابیانی ناحیەی دیبەگە بووە. هەروەها لە رووی زمانەوانی، جگە لە زمانی کوردی شارەزاییەکی باشی لە زمانەکانی (عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، فارسی) هەیە.
شانازییەکی دیکەی لە ژیانی کاپتن عومەر، کە پێی بەخشراوە ساڵی 1986 رووی کردە شاخ و چەکی پێشمەرگایەتی لەشان کرد و لە رێگەیەوە توانی بەرگری لە خواستە رەواکانی خەڵکی کوردستان بکات، کاپتن عومەر ئێستا لە وڵاتی کەنەدا نیشتەجێیە و هیوای سەرکەوتن و تەندروست باشی بۆ دەخوازین.
نووسینی: پەیام فتح الله
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق