ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش ، بە سەرپەرشتی دکتۆر شاکر ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی وەرزش ، لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی یانە وەرزشییەکان کۆبۆوە . لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری وەرزشی (ھەولێر ، سلێمانی ، دھۆک ، گەرمیان ) ئامادەبوون .
لە سەرەتایی کۆبونەوەکە دکتۆر شاکر سمۆ باسی لە گرنگی ھەڵبژاردنی یانە وەرزشیەکانی کرد و ڕایگەیاند ھەڵبژاردن ناوەڕۆکی دیموکراسییەتە ، بۆیە ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن دەبێت بۆ یانە وەرزشییەکان ئەنجام بدرێت . لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی وەرزش ئاماژەیی بەوەکرد نابێت ھیچ ئەندامانێکی دەستەی گشتی مافی دەنگدانی لێ زەوت بکرێت لە لایەن دەستەی کارگێری یانەکان ، ئەگەر ئەم حاڵەتە روویدا لیژنەی باڵا دوای بەدواداچوون مافی دەنگدانی بۆ دەگەڕێنێتەوە . ھەروەھا دکتۆر شاکر ڕایگەیاند پێویستە یانەکان دابەشی سەر سێ گروپ ( c , b , a) بکرێن بەپێی پێوەر و ڕێنماییەکان ، دواتر مەرج و میکانزمەکانی ھەڵبژاردن دەخەینەڕوو . دکتۆر شاکر ئەحمەد لە بەشێکی تری قسەکانیدا گووتی بە یاسایی ژمارە ١٨ ی ساڵی ١٩٨٦ی عێراقی ئەم ھەڵبژاردنە ئەنجام دەدرێت چونکە تا ئێستا ھیچ یاساییەک تایبەت بە وەرزش نە لە پەرلەمانی کوردستان نە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرنەچووە .
دواتر ھەر یەک لە ئەندامانی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن (محمود عەزیز ، سەردار حەیدەر ، عزیز جەوھەر ، ھۆشەنگ عەبدوڵلا )
باسیان لە شێواز و میکانزمەکانی ھەڵبژاردن کرد و بڕگە و ماددەکانی یاسایی ژمارە ١٨ یان بە تەواوی شیکردەوە و گەنگەشەیان لەسەر کات و ڕێکارە تەندروستی و چۆنیەتی دەستنیشانکردنی دەستەی گشتی کرد .
دواتر کاروان شێخ زیرەک بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانی ، تاھیر خۆشناو بەڕێوەبەری وەرزشی ھەولێر ، سەفەر جەعفەر جێگری بەڕێوەبەری وەرزشی دھۆک و تەلعەت سەعداڵلە بەڕێوەبەری وەرزشی گەرمیان ، گشت سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان سەبارەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و دەستنیشانکردنی کەسانی وەرزشی و خاوەن بڕوانامە خستەڕوو . ئەوەشیان ڕاگەیاند ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ڕەخساندنی زەمینەکی زۆر باش بۆ کاتی ھەڵبژاردنی یانە وەرزشیەکان .
بڕیارە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژاردن لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ گشت یانەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق