زەویەک لە ھەولێر بەبەھای چوار ملیار دۆلار بۆ یاریگای گۆڵف تەرخانکراوە - سابات سپۆرت

دواین بابەت

Post Top Ad

2020/07/05

زەویەک لە ھەولێر بەبەھای چوار ملیار دۆلار بۆ یاریگای گۆڵف تەرخانکراوە

 
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، زەویەک لە ھەولێر بەبەھای چوار ملیار دۆلار بۆ یاریگای گۆڵف تەرخانکراوە کە دەتوانرێت بە نرخی ئەو زەویە مووچەی حەوت مانگی مووچەخۆرانی ھەرێم دابینبکرێت.
لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان نوسیویەتی، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە بەدواداچونی پەرلەمانی، کارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە کردوە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕابگەیەنم، بەھیوای ئەوەی ڕایگشتی دروستبکات و کاری لەسەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاکسازی و لەدەستدەرنەچووە و پشتیوانی یاسایی ھەیە، پارەیەکی ئێجگار زۆریش دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەندین ساڵە ڕوبەرێکی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەکانی کوردستان دراوە بە چەند کەسێک، بە ناوی وەبەرھێنان کە بەھاکەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی کاری تێدا بکرێت، بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند کەسێک.
راشیگەیاندووە، بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەک لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریکراو کاری تێدا نەکرا، وەردەگیرێتەوە
.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت، لەسەرتاسەری کوردستان ئەم گرفتە ھەیە، لێرەدا بە چوار نمونە دەتوانین زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بۆ حکومەت کۆبکەینەوە.
یەک :
‎زیاتر لە ١٣ ملیۆن مەتر زەوی، بەناوی پڕۆژەی یارگای گۆڵف لە شوێنێکی نایابی ھەولێردا سیمکراوە، بە وتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار کاردەکەن، بەھای زەویەکە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە و ئەم زەویە گەورەترین پارچە زەوی ناو شارە مابێتەوە.
شوێنی زەویەکە:
‎لە دوای نەخۆشخانەی نەورۆز لە سەرجادەی ١٠ کیلۆمەتری بەحرکە، ھەتا پردی ١٢٠ مەتری چواڕیانی ئەتکۆنستی تاوەکو بەرامبەر ئیتاڵی ٢ ، سیمکراوە.
عەلی حەمە ساڵح دەپرسێت، ئایا لە کوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیاییەوە یارگای گۆڵف دروستناکرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت،
بۆیە پێویستە حکومەت ئەم زەویە بکات شارێکی ھاوچەرخ و خۆی زەویەکان بفرۆشێت.
دوو: لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ھەزار دۆنم زەوی تەرخانکراوە بۆ کەسێک بیکاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیک عەربەت، مەتر مەتری بکات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەک خۆی ماوە حکومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببتات و شارێکی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبکات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت.
سێ: شاری خەونەکان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و یەک ملیۆن مەتر دووجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە کەسێک و تاوەکو ئێستا مەتر مەتر، نزیکەی بە بەھای یەک ملیار دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حکومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێکی شایستە بەبەھای یەک ملیار دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت.
چوار: لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم تەرخانکراوە بۆ زانکۆی ئەمریکی، دە ھێندەی ڕووبەری زانکۆی سلێمانیە، بۆ زانکۆی ئەمریکی ٢٢ دۆنم بەکارنەھێندراوە، ئەوی دیکە تەنیا دیوارێک بە چوارلای پرۆژەکەدا کراوە، بەم زەویە حکومەت دەتوانێت شارێکی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبکات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە کە بەدواداچوونی بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە کردووە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆک و دەڵێت، لە بری ئەوەی چەندکەسێک بکاتە ملیاردێر، حکومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێکی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەکی جوانیش بداتە شارەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق ڕێککەوت و ئەو بڕیارانەی چاکسازی جێبەجێکرا و ( موچەی نایاسای، نەوت، خاڵی سنوری، باج) گرفتی موچەش چارەسەر بوو، بەدڵنیاییەوە بەھای ئەم زەویانە زۆر بەرز دەبێتەوە و حکومەت سەروی ١٠ ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت و داھاتیش بەردەوام دەبێت و دەتواندرێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری کوردستان بەکاربێت.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

Post Bottom Ad

Pages