وەرزش لەنێوان بە نیشتمانی کردن و (مرجع) دا:
ناچاربووم ئەو ناونیشانە بەو شێوەیە بنوسم ، ئەگەر چی بڕوام بەبوونی نیە ، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێ سەرباری قەیران و برسێتی، وەرزش پەراوێزخراوترین کایەیە، بۆیە وەک هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی داهاتوو پیویستە دەستبخەینە سەر برینەکان.
نکولی ناکرێ سێکتەرەکانی تریش لەژێر خواست و ویستی حزبدایە ، بەڵام ئەگەر بە ووردی بیری لێبکەینەوە ئەگەین بە دەرەنجامێک ئەویش ئەمەیە :
بۆ سێکتەرەکانی جگە لە وەرزش حزب بە گشتی بریار لەسەر دانانی کەسەکان دەدات ، بەڵام بۆ سێکتەری وەرزش لەناو حزب کەسێک بەتەنیا وەک مرجع بڕیار لەسەر چارەنووسی وەرزش ئەدات و بە ویست و خواستی خۆی سەرەوژێری دەکات ، ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە بۆ فەرامۆشکردن و پشتگوێ خستنی وەرزش لەلایەن حکومەتەوە .
پرسیار ئەوەیە هۆکاری دروست بوونی ئەم مرجعانە چیە ؟
وەڵامەکەی ڕوونە :
زانکۆ کەمتەرخەمە و کۆدەنگی زانستی نیە بۆ گەیاندنی چارەسەر و بنەبڕکردنی .
کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس بەشان و باڵی ئەو مرجعانە هەڵدەدەن و جوانکاری بۆ کارە نا کارگێریەکانیان دەکەن، تاک و تەرا چەند رۆژنامەنووسێکی بوێر و قەڵەم پاک و بیری ڕوناک هەن جاروبار ڕەخنەیەکی بنیادنەر دەنووسن بەڵام نەدەگاتە بەر دیدی لوتکەی حکومەت و ئەگەر بشگات گوێی لێناگیرێ ، چونکە شەپۆلی ستایش و دەست لەسەرسنگدانان و دەستی ئەشهەدو زۆرترە لە شەپولی ڕاستی.
کۆمەڵێک وەرزشکار خاوەن مێژووی گەورە دەستیان گرتووە بە کڵاوەکانیانەوە و ئەترسن ئەم مرجعانە لێیان زویرببن بۆیە بێدەنگی هەڵدەبژێرن .
لەسەرجەم خولەکانی پەرلەمان هەوڵنەدراوە وەرزش بەیاسایی و بە نیشتمانی بکرێ و کەسانی نا بەرپرس خۆیان لەو پرسە دزیوەتەوە .
ڕاسپاردە :
تێگەشتنی حکومەت بۆ فەلسەفەی وەرزش تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی وەرزش بخرێتە سەر ڕێرەوی ڕاست و دروستی خۆی .
قۆناغی دوای تێگەشتن لە فەلسەفەی وەرزش ، گەرانەوەیە بۆ زانستی بەڕێوەبردنی وەرزشی و کارکردنە لەسەر پایە یاخود ئەرکەکانی بەڕێوەبردن کە خۆی لەمانە دەبینتەوە (پلاندانان ، ڕێکخستن ، ئاراستەکردن ، بەکارخستن ، چاودێریکردن ) ئەوکات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەموو لایەنەکان (مرۆیی ، دارایی ، ماددی ، کارگێری ) دەکەوێتە سەر ڕێڕەوی دروست وەک وڵاتان هەنگاوێک بنێن بۆ بە نیشتمانی کردنی وەرزش .
دکتۆر دیار کەمال
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق